تادێت بەکارهێنانی زمانی کوردی لەلای نەوەی نوێ لە باکووری کوردستان کەمدەبێتەوە

راپرسییە نوێیەکان دەریدەخەن زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لە مەترسیدایە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن نەوەی نوێوە بەکارناهێنرێت، ئەو ترسە بۆ بەکارنەهێنانی زمانی دایک لە باکووری کوردستان وایکردووە کەمپەینێک رابگەیێنرێت بۆئەوەی هانی ماڵباتەکان و جیلی تازە بدرێت بە کوردی قسە بکەن.

نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی ئینیستیاتیڤی هەق لە ئامەدی باکووری کوردستان کەمپەینێکی بە ناوی ‘زمان لانەیە’ دەستپێکرد. لەوبارەیەوە رەها رووهاڤیئۆغڵو، نوێنەری ئینیستیاتیڤی هەق رایگەیاند، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکیان گەنجان کەمتر زمانی کوردی بەکاردەهێنن و نەوە لەدوای نەوە زانین و بەکارهێنانی زمانی کوردی کەمتر دەبێتەوە، کوردی باکووری کوردستان حەز بە زمانی خۆیان دەکەن، بەڵام بەکاریناهێنن. بە گوتەی رووهاڤیئۆغڵو 10%ـی گەنجان هەواڵ بە زمانی کوردی دەخوێننەوە و 15%یان بە کوردی قسەدەکەن، بۆیە بە پشتبەستن بەو داتایانە بڕیاریاندا کەمپەینێک رێکبخەن تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوامبێت. لە کەمپەینەکە هانی خەڵک دەدەن زمانی کوردی بەکاربهێنن و دوو پەیامیان هەیە،  – بە دەوڵەت دەڵێن ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لابدرێن – بە کوردانیش دەڵێن زمانی خۆتان بەکاربهێنن و منداڵەکانتان فێربکەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست راپرسییەکی لە شارەکانی ئامەد، مێردین، وان و رووها ئەنجامدا، کە پرسیارەکان بەشێوەی رووبەڕوو ئاراستەی 600 هاونیشتمانیی تەمەن 18-30 ساڵ کراون. ئەنجامەکان بەمشێوەیە بوون. هەموو کەسێک بتوانێ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت39% پێویستە زمانی پەروەردە تورکی و کوردی بێت45% پێویستە زمانی پەروەردە تورکی بێت و زمانی دایک بەجیا بخوێندرێت13% پێویستە زمانی پەروەردە تورکی بێت، پێویست ناکات بە زمانی دایک بخوێنرێت3% سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تایبەت بە زمانی کوردی داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردیش بکرێتە فەرمی و بخوێندرێ، بەڵام تاوەکو ئێستاش داواکارییەکەیان جێبەجێنەکراوە و ئەمساڵیش خوێندنی 2019-2020 هەر بە هەمانشێوە دەستیپێکرد.