غەریزەی جنسی هێزێکی کێشندەیە کە دوو ڕەگەزی پێچەوانە بۆ لای یەکتری ڕادەکێشێ و پێ دەڵێن ئەوین.
ئەگەر مانای ئەوین بەو هەموو ئاڵۆزی و خۆشەویستی و شەیدایییەوە بناسین دەبێ هەزارەها جۆری بژمێرین وەکوو: ئەوین بە منداڵ، ئەوین بە دایک و باوک، ئەوین بە وڵات و خاک، ئەوین بە بیروباوەڕ، ئەوین بە گیانەوەران، ئەوین بە ژن، ئەوین بە وەرزش و… هتد.
هەندێک کەس ئەوین تەنها بە غەریزەی جنسی لە ڕێگای دەزگای زاوزێ و دەزانن کە پەیوەندی بە بەرهەم هێنانی وەچەوە هەیە، ئەوە هەڵەیە چونکە ئەگەر ئەوە ڕاست بوایە دەبوایە ژنان و پیاوانی نەزۆک مەیلی جنسییان لەگەڵ یەکتریدا نەبوایە، چونکە وەچەیان لێ ناکەوێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینی زۆربەشیان یەکتریان خۆش دەوێت و تاسەر ژیانی هاوبەش پێکەوە بە سەردەبن، یان کە ژن سکپڕ دەبوو نەدەبوایە غەریزەی جنسی تەنها بۆ دروست کردنی هاووێنەیە و بەس. تا ئێستا کەمتر بینراوە کە ئاژەڵی نێر لەمێیەی ئاوس بێت بە واتایەکی تر جووت بوون لە گەڵیدا ئەنجام بدات.
١- ئەوینی ئەفلاتوونی: ئەوینی پاک یان ئایدیالی پێ دەڵێن، ئەوینێکە کە لە نێوان دوو کەسدا سەرهەڵدەدات بە بێ ئەوەی کە تووشی پەیوەندی جنسی ببن وەک: خەج و سیامەند و لەیل و مەجنون و سێوەخان و …هتد.
٢- ئەوینی خەیاڵی: زیاتر لە نێو هەندێک کچدا دەبیندرێت و خۆشەویستی لەگەڵ ئەستێرەکان و سینەما و قارەمانی داستانەکاندا پەیدا دەکەن، هەروەها ئەو کچانەی کە ساڵەهای ساڵ لە چاوەڕوانی شووکردندا خۆیان پیردەکەن، لەو جۆرە ئەویننانە دەژمێردرێن.
خەیاڵ دەم باتە جێژوانی لاویەتیم ئەمما
خرینگەی بازنەو بەرمووی ئەوم نایە.
٣- ئەوینی هەڵبەستوانانە: ئەوینێکە زیاتر بەهۆی بەرگریە کۆمەڵایتی و ئەخالقییەکان یان یاسا، دەستی ئەویندار لە ئەویندارەکەی کورتە، لەو کاتەدا ئەویندار کە خاوەنی هەستی ناسک و بیری ورد و بەدیهێنەرە لە قاڵبی هەڵبەست و پەخشاندا وەسف و شێوەی دڵبەرەکەی پیشان دەدات.
هەرجەندە گوناحی دەمەکەت بارە لەسەر لێو
حەددی چییە نالی کە بڵێ ماچە کەفارەت؟!