رۆژنامەگەری کوردی، ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا:

داھێنانی ئامێری چاپ لە سەدەی پازدەیەمی زایینیدا لە سەردەستی مسگەرێکی ئەڵمانی یوحەنان گۆتەنبەرگ داھێنراوە. گۆتنبرگ (١٣٩٨- ١٤٦٨) لەو دا‌ھێنانەیدا ھیچ سوود و دەسکەوتێکی پێ نەبڕاوە‌ لەبەر سەرقاڵی و دەستکورتی. کاتێ کتێبی ئینجیلی (کتێبی پیرۆزی ئایینی خاچپەرەستی) لە چاپ داوە تەنانەت بیری چووە ناوی خۆشی لەسەر تۆمار بکات.

‌بەرلە گۆتنبرگ ھەوڵێکی تریش لەلایەن بازرگانێکی چینی بەناوی بی شینگ (٩٩٠ – ١٠٥١)‌ ھەبووە. بەو داھێنانەی گۆتنبرگ شۆڕشێکی مەزن لە زۆر بواری ژیاندا دروست بوو. چاپ ڕۆڵێکی ئێجگار گرینگی بینی لە بەرەوپێشوەچوونی شارستانییەت لە سەرتاسەری دونیادا. ماوەیەک پاش ئەو دا‌ھینانە، گۆڤار و ڕۆژنامە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک چاپ و بڵاو کرانەوە.

ڕۆژنامە بڵاوکراوەیەکە داگری ھەواڵ، زانیاری، و جاڕدان و بانگەشەیە، ڕۆژنامەکان بەگشتی ڕۆژانە، یان هەفتەی جارێک لە چاپ دەدرێن، لە ڕۆژنامەکاندا باس لە هەواڵ و چالاکی و ڕووداوەکان دەکرێن لە زۆرینەی بوارەکان، ئەو کەسەشی لە ڕۆژنامە وتار یان هەواڵ دەنووسێت پێێ دەڵێن ڕۆژنامەوان یان ڕۆژنامەنووس، زۆربەی خەڵکیش ئارەزووی ڕۆژنامە دەکەن بۆ خوێندنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانی ناوخۆ. کوردیش، وەك نەتەوە، لەلایەن ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکانییەوە، لە سەرەتای خۆناسینیدا، هەوڵی زۆری داوە، لەم بڵاڤۆکە جیهانییە، دوا نەکەوێت و لەو بوارەدا، هەوڵی زۆری داوە و هەنووکە، بواری ڕۆژنامەگەریی کوردیی، سەرەڕای کەموکۆڕییەکانی گەشەیەکی بەرچاوی کردووە و لە سێ بواری میدیای خوێندراو، بیستراو و بەتایبەت بینراودا لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون دایە.

کورد و ڕۆژنامەگەری:

ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا:

ڕۆژنامەی کوردستان:

ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، کە یەکەم ژمارەی ڕێکەوتی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ بە تێکۆشانی میقداد میدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی میسر چاپ کرا. دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن. ئەمڕۆکە ڕۆژی دەستپێکی دەرخسنتی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن ھەموو دەزگا کوردییەکان و ھەروەھا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وەکوو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی قەبووڵ کراوە و بە فەخرەوە یادی دەکرێتەوە.

ڕۆژنامەی (کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی):

ڕۆژنامەی (کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی) بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئیستەنبوڵ دەرچووە، لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٠٨ تاکوو حوزەیرانی ١٩٠٩ بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ -پیرەمێردی شاعیر – بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد – کورد تەعاون و تەرقی جەمعیەتی – بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.

ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ (پیرەمێردی شاعیر) بوو.

ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەری دەکرد.

گۆڤاری ژین لە ئیستەنبوڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە.

ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو.

رۆژنامەی‌ ژین کە پیرەمێردی لە سلێمانی چاپی دەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین ٥٥٣ ژمارەی لێ چاپ کرا. یەکەم ژمارەکەی لە ١٩٣٩دا دەرکرد و تا کۆچی دوایی کرد لە ١٩٥٠ دا بەردەوام بوو و بە ژمارە ١٠١٥ی گەیاند. دوای کۆچی دوایی پیرەمێردیش جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەردەوام تا ساڵی ١٩٦٣ گەیاندیانە ژمارەی کۆتاییی (١٧١٤).

ئەمڕۆ بنکەی ژین لە سلێمانی وەک دەزگایەکی ئەرشیڤی و چاپکردنی کتێب و بەڵگەنامەی کوردی چالاکن.

گۆڤاری فەرھەنگ و ڕۆژنامەی «شفق سرخ» کە لە تاران دەردەچوون.

ڕۆژنامەی «ئیقدام» و «حوڕییەت».

گۆڤاری ئیجتیھاد لە ئیستەنبوڵ لە ساڵەکانی ١٩٠٤-١٩١٢ لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو.

ڕۆژنامەی «ترجماتی حقیقت»ی مامۆستا موعەلیم ناجی لە تورکیا دەردەچوو.

ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، لەلایەن داوود حەیدەری کوڕی ئیبراھیم حەیدەرییەوە، کەلە دەرچوانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.

«گۆڤاری ڕۆژی کورد»١٩١٣ خاوەنی عەبدولکەریم ئەفەندی.

«گۆڤاری بانگی کوردستان»١٩٢٢ خاوەنی مستەفا پاشا یامولکی.

«گۆڤاری زاری کرمانجی» ١٩٢٦ خاوەنی مێژوونووس حوسێن حوزنی موکریانی.

«گۆڤاری گەڵاوێژ»١٩٣٩ خاوەنی ماموستا ئیبراھیم ئەحمەد.

«گۆڤاری نزار» خاوەنی ماموستا عەلائەدین سەجادی.

«گۆڤاری رۆناھی» خاوەنی ماموستا ئەنوەر مائی.

«رۆژنامەی ئازادی» ١٩٤٥ خاوەنی مەلا شەریف ڕەنگەڕێژی.

«گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤مامۆستا گیو موکریانی خاوەنی.

کوردستان: کە بڵاوکراوەی فەرمیی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و ماوەی حەفتا ساڵە لە چەند قۆناغی جیاجیا و لە چەند شوێنی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەردەوام و زمانحاڵی فەرمیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئیستاش بە شێوەی چاپ و ئەلکترۆنی هەر چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

خەبات: عەلی عەبدوڵڵا، خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خەباتە وە هەروەها سەلام عەبدوڵڵا ش سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیە، ڕۆژنامەی خەبات ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە یەکێک لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی کوردستان و یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات لە ٤ی نیسانی ١٩٥٩ دەرچووە.)

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ: ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەردەکرێت. ژمارە سفری ڕۆژنامەکە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ چاپ و بڵاو کرایەوە‌ و بووه‌ یه‌که‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئاداری ١٩٩١ که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌رچوون، که‌ بۆ ئه‌و سەردەمە ده‌رکردنی رۆژنامه‌‌ به ‌واتای رۆژنامه‌ی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی رۆژنامه‌گه‌ریی، کارێکی ئاسان نه‌بوو. خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دکتۆر فوئاد مەسعوومە و لە ساڵی ٢٠٠٩ ـشەوە ستران عەبدولڵا سەرنووسەری.

جیا لەم ڕۆژنامانە لە هەرێمی کوردستان بە دەیان ڕۆژنامە، گۆڤار و بڵاوکراوە و هەفتەنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری وەک ” باس، ئاوێنە، هاووڵاتی، میدیا، چاودێر، هەولێر، ڕووداو، وشە، کاروان، ڕامان، سەردەم، گزنگ و.. چەدانی دیکە چاپ و بڵاو دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان لە هەرێمی کوردستان هەتا ڕادەیەکی زۆر ئازادیی ڕۆژنامەنامەگەریی کوردی هەیە و لە ڕاپۆرتێکدا بە بەهەشتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ڕۆژهەڵات ناودێر کراوە.

لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی، سەرەرای بەربەست و ئاستەنگەکان بووژاوەتەوە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندان قۆناغی جیاجیای بڕیوە کە دەتوانین ئاماژەی بە گۆڤاری سروە، مەهاباد، زرێبار، هایا، ژیوار، هەفتەنامەکانی ڕۆژهەڵات، ئاسۆ، ئاویەر، سیروان، لووتکە، سۆران، ئاگرین ڕۆژ و دەیان گۆڤاری و بڵاوکراوەی زانکۆیی و خوێندکاری بکەی.

لە بنیاتنانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا سەدان نووسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند دڵسۆزانە لە ڕۆژگاری خۆیدا بەشدارییان کردووە کەلە گەشەپێدانی ڕۆژنامەوانی کوردیدا وەکوو ماموستا “پیرەمێرد، گیوی موکریانی، حوزنی موکریانی، عەلائەدین سەجادی، ئیبراهیم ئەحمەد، عەبدوڵا گۆران، مەعرووف بەرزنجی، غەفور میرزا کەریم، جەلالی میرزا کەریم، ئەمینی میرزا کەریم، ئەحمەد غەفوور، مەلا ئەنوەر مائی، شاعیری بەناوبانگ قانع، ماموستا شاکر فەتاح، محەمەد تۆفیق وردی، محەمەد مەولوود مەم، ساڵح حەیدەری و دەیانی تر.

ئامادە کراوە لە لایەن: مامۆستا شەریف فەلاح، رۆژنامە نووس لە باسنیوز