دەبێ پەکەکەش مارکەی پێڵاوە تورکییەکانی گەریلاکانی خۆی بگۆڕێت بۆ مارکایەکی دیکە.

نەجاتی گۆكهان ئەسڵان باجی ئەو پیڵاوە دەداتە حكوومەتی توركیا و داهاتێکی باش بە حکوومەتی تورکیا دەگەیەنێت.

هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هەستی خەڵكی باشووری كوردستانی جووڵاند، لێرە و لەوێ لەسەر ئاستی میللی نەک فەرمی، داوای بایكۆتی هەموو بەروبووم و شمەک و كەلوپەل و خواردنێكی توركی بكەن، ئەمەش وەكوو كاردانەوەیەک هەمبەر بەو لەشکرکێشییەی سوپای تورکیا و هێز پاشکۆ توندەوەکانی بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڵوێستانەی كوردانی باشووری کوردستان بۆ بایکۆتی بەرهەمی تورکی، کەچی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) بایكۆتی كەلوپەلی توركیی نەكردووە، چونكە ئەو پێڵاوەی چەندین ساڵە گەریلاکانی پەكەكە لەپێی دەكەن و ساڵانە دەیان هەزار جووتی بە پارەیەکی زۆر لێ دەکڕن، پێشەسازییەکی تەواو توركییە و خاوەنەكەشی باجی ئەو پیڵاوە دەداتە حكوومەتی توركیا و داهاتێکی باش بە حکوومەتی تورکیا دەگەیەنێت.

نەجاتی گۆكهان ئەسڵان، خاوەنی ماركەی پێڵاوی mekapە، ئەو پیڵاوەی گەریلاكانی پەكەكە چەندین ساڵە لەپێی دەكەن و بووەتە ماركەیەک، كە لە هەر شوێنێكی توركیا ئەو پێڵاوە ببینرێت، گەریلای پەكەكەی پێ دەناسرێتەوە.

یڵماز ئۆزدیل، نووسەری دیاری توركیا، لە نووسینێكدا كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە دەدات، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان لە توركیا، هەر كەسێك پێڵاوی mekapی لەپێ بكردایە دەستگیر دەكرا، وای لێ هاتبوو ئەو ماركەیە لە توركیا قەدەغە كرابوو و سیاسییەكانیش هانی خەڵكیان دەدا نەیكڕن، چونكە گەریلاكانی پەكەكە لەپێیان دەكرد.

تورگوت ئۆزەل، ئەوكاتەی سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، باسی لەو ماركەیە كردووە و وەكوو ئاماژەیەك بۆ پەكەكە و گوتوویەتی، پەكەكە بەكاری دەهێنێت و ویستوویەتی بە خەڵك بڵێت، كە بەكاری نەهێنن.

نەجاتی گوكهان ئەسڵان، خاوەنی ماركەی mekap، لە ٢٠٠٩ نامەیەكی بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان نارد و لەبارەی ئەو پێڵاوەوە، كە پەكەكە بەكاری دەهێنێت نووسیبووی: ”هەر كاتێك تیرۆر لە توركیا كۆتایی پێ هات، ئەوكات با بێین ماركەكەمان رابگرین“.

ئەسڵان لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی، كە لە ٢٠١٣ ئەنجامی داوە، باس لە گرنگیی ئەو پێڵاوە دەكات، كە لەپێكردنی زۆر خۆشە و لە ١٩٧٠ ناوەكەشی لە ماركەیەكی ئیتاڵییەوە وەرگیراوە.

ئەسڵان دەڵێت: ”ماركەكەی ئێمە بووە بە چەمك، تازە لەوە دەرچووە تەنیا وەكوو پێڵاو تەماشا بكرێت. ئێمە پێویستمان بەوە نییە بینێرینە عێراق، چونكە تەنیا لەناو توركیا ١١٠ بەشمان هەیە و لە ساڵێكدا نزیكە ٧٧٠ هەزار پیڵاو دەفرۆشین. ئەمەش دەری دەخات، كە ئەگەر پێشووتر وەكوو پێڵاوێكی پەكەكەیی لەو ماركەیان روانیبێت، ئێستا ئەوە بووە بە رابردوو و خەڵكی ئاسایی لەناو توركیا پێڵاوەكەمان بەكار دەهێنێت، چونكە لەپێكردنی خۆشە و كوالێتییەكەشی بەرزە“.

ئەو ماركەیە ٤٥ ساڵە هەیە و دروشمەكەشی نەگۆڕاوە، كە بریتییە لە (ئاسوودەیی و ساغڵەم و تەندروست)ە.

چەندین ساڵە هەموو گەریلاكانی پەكەكە ئەو پێڵاوە لەپێ دەکەن، ساڵانە بە دەیان هەزار جووت لەو پێڵاوە بۆ چەکدارانی پەکەکە دەڕوات بە سەرکردە باڵاکانیشیانەوە، وەكوو ئەوەی ئەسڵان باسی دەكات، ئەوان بۆ پەكەكەی نانێرن، بەڵكوو پەكەكە لە شوێنی ترەوە پێڵاوەكە دەكڕێت و بەكاری دەهێنێت، لێ ئەمە ئەو راستییە داناپۆشێت کە پەکەکە بە ملیۆنان دۆلاری قازانج بۆ حکوومەتی تورکیا هەبووە، هەمبەر بە کارهێنانی ئەو پێڵاوە.

ئایسەل توغلووك، هاوسەرۆكی BDP كاتێك سەردانی ئیمیڕاڵیی كرد و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، كالەیەكی ماركەی (NIKE)ی لەگەڵ خۆیدا بۆ بردبوو، بۆیە یڵماز ئۆزدیل، نووسەری ئەوكاتی رۆژنامەی (حوڕییەت) دەڵێت، مادام ئەو ماركەیەت بۆ ئۆجەلان بردووە، بۆچی پێشتریش هەر ئەو ماركە ئەمەریكییەتان بەكار نەهێناوە، كە بەرهەمی ئەمەریكایە؟ بۆچی ماركەیەكی توركی بەكار دەهێنن و دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئێمە نەتوانین بەكاری بهێنین و بە لەپێكردنی ئەو پێڵاوە سزا بدرێین؟ خۆزگە هەر لە سەرەتاوە NIKEتان بەكار دەهێنا.

لە کاتێکدا کە لە باشووری کوردستان بانگەشەی بایکۆتکردنی شمەک و بەرهەمی تورکی دەکرێت، خەڵک بێ ئاگایە لەوەی قازانجی هەر جووتە پێڵاوێكی mekap دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارێكی تورک بەناوی نەجاتی ئەسڵان، ئەو سەرمایەدارەش لە فرۆشتنی هەر جووتە پێڵاوێك باج دەداتە حكوومەتی توركیا، بۆیە ئەگەر پێویست بێت بایكۆتی كەلوپەلی توركی بكرێت، پێویستە پەكەكە لە پێڵاوەكانییەوە دەست پێ بكات و رای بگەیەنێت، كە هیچی تر ئەو پێڵاوە بەكار ناهێنێت و دەیان ماركەی تر هەیە، كە دەكرێت جێگیرەوەی پێڵاوی ماركەی mekap بن.

سەرچاوە: باسنیوز و ماڵپەڕەکانی تورکیا.