پارتى یه‌كێتى دیموكراتى سووریا ئامادەیە ببێتە میلیشیا و سەر بە بەشار ئەسەد بێت بەڵام ڕازی نییە “هێزی ڕۆژ” بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان.

سه‌رچاوه‌ سوورییه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌د به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى دان به‌ مافه‌كانى گه‌لى كورددا له‌ سووریا بنێن

به‌رپرسێكی سه‌ر به‌ پارتى یه‌كێتى دیموكراتى سووریا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژى بۆ ڕۆژئاواى كوردستان ڕه‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ ڕژێمى ئه‌سه‌د بۆ ناردنى هێزی سووریا بۆ سه‌ر سنووره‌كانى توركیا، به‌رده‌وامه‌.

ئاڵدار خه‌لیل، به‌رپرسی لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانى “تەڤ دەم” (كه‌ پارتى یه‌كێتى دیموكراتى سووریا، زۆرینه‌ى پێكده‌هێنێت)، به‌ میدیاى حزبه‌كه‌ى ڕاگه‌یاند: “ڕازی نابین هێزى پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژ بۆ سووریا بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌و پرسه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سدا تاوتوێ ناكه‌ین”. جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا لارییان نییه‌ له‌وه‌ی “یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل” (باڵى سه‌ربازیی پارتی یەکێتی دیموکرات) بچنه‌ ڕێزه‌كانى سوپاى سووریاوه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى سه‌ر به‌ پارتى یه‌كێتى دیموكراتى ، جارێكی دیكه‌ هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردى سووریای ئۆپۆزسیۆن و گفتوگۆكردنیشى له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا، ڕه‌ت كرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ سوورییه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌د به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى دان به‌ مافه‌كانى گه‌لى كورددا له‌ سووریا بنێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتى یه‌كێتى دیموكرات ، به‌مه‌به‌ستى خۆ ڕزگاركردنى له‌دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ سووریا، په‌نا بۆ هێزه‌كانى ڕژێم ده‌بات و ئاماده‌یه‌ بچێته‌ ڕیزیانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ڕژێمى ئه‌سه‌د مه‌رجیان هه‌یه‌ هه‌موو ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى یه‌كێتى دیموكرات، بكه‌وێته‌ ژێر ده‌ستیان و وه‌كوو میلیشیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن.

ئەم ڕێکەوتنانەش هەموو لە ژێر گوشاری ئێرانە بۆ سەر باڵەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، تاکوو لەگەڵ بەشار ئەسەددا یەک بگرنەوە و بە بێ ئەوەی کە باڵەکانی پەکەکە داوای مافی رەوای کورد بکەن وەک نەتەوەیەک و ڕازی نابن ” هێزی ڕۆژ”یش لە باشووری کوردستانەوە بگەڕینەوە سەر خاکی خۆیان .