جەلال مەلەکشا شاعیری نوێخواز و ناوداری کوردستان کۆچی دواییکرد.

جەلال مەلەکشا شاعیری نێوداری کوردستان و خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ جەلال مەلەکشای شاعیر لە تەمەنی 69 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.


لە ساڵی 1951 لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایکبووە. هەر لەوێ خوێندوویەتی و لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیووە.

مەلەکشا لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، بووەتە ئەندامی “کانوونی نووسەرانی ئێران”. لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی گەورەی ئێرانی ئەندامی کانوون بوون، وەک ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو، جەلالی ئالی ئەحمەد، مەحموود ئیعتمادزادە و هۆشەنگ گوڵشیری.


دوای ساڵی 1979 جەلالی مەلەکشا جودا دەبێتەوە لە ئێرانیەکان بە کوردی بەرهەمە ئەدەبییەکانی دەنووسێت. بۆ ماوەی 15 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەڤان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.


ماوەیەکیش لە شاری هەولێری باشووری کوردستان لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانی بووە، و لە شاری سنەش لەگەڵ چەند هەفتەنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە.


جەلال مەلەکشا شاعیرێکی نیشمان پەروەر بوو، شیعرەکانی زۆربەی لەسەر مەینەتیەکانی کورد و شیعری نەتەوەیین.