قوتابیان و شوفێری پاسەكانی ئامادەیی (ش)ی كچان لە هەولێر، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەیان تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەپێناوی بەدەستهێنانی قازانجی ماددی، هەوڵ بۆ لەكەداركردنی كەسایەتییان دەدات و چەند قوتابییەكی هانداوە بۆ ئەوەی دەنگۆ بڵاوبكەنەوە كە شۆفێری ئەو پاسانەی هاتوچۆیان پێدەكەن، گێچەڵی سێكسییان بە قوتابییەكان كردووە، وەزارەتی پەروەردەش لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەكات.
قوتابیانی ئامادەیی (ش)ی كچان دەڵێن چەند قوتابییەك لەلایەن بەڕێوەبەرەكەیانەوە هاندراون بۆ ئەوەی تۆمەتی گێچەڵی سێكسی بخەنە پاڵ شۆفێری ئەو پاسانەی هاتوچۆ بە قوتابییەكان دەكەن، یەكێك لەو قوتابیانە بە (رووداو)ی گوت: “زیاتر لە مانگێك پێش ئێستا بەڕێوەبەری قوتابخانەكە هەوڵیدەدا رازیم بكات تاوەكو ئەو دەنگۆیە بڵاوبكەمەوە كە شۆفێری پاسەكان گێچەڵی سێكسیمان پێدەكەن، بەڵام من رازی نەبووم، چونكە ئەوان چەند ساڵە هاتوچۆمان پێدەكەن نەك هەر ئەو كارانە ناكەن، بەڵكو شوفێرەكان هەندێكجار لە باوك و برامان زیاتر ئاگایان لە ئێمەیە”.
ئەو قوتابییە پێیوایە بەڕێوەبەرەكەیان مەرامێكی تایبەتی هەبووە و دەڵێ: “بەڕێوەبەرەكە دەیویست من بكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی، چونكە ئەو دەیویست ئەو شۆفێرانە نەمێنن و لەبری ئەوە كۆمپانیایەك بهێنێ كە لەگەڵی رێككەوتبوو هاتوچۆ بە قوتابییەكان بكات و خۆشی پشكی هەبێ لەو پارەی لە ئێمەی وەردەگرن”.
قوتابییەكی دیكە بە داواكاری بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی رازی بووە، بەڵام ئێستا پەشیمانە و دەڵێ بەڕێوەبەرەكەم بەهەڵەیدا بردم :”چەند رۆژێك پێش ئێستا پەیامنێری كەناڵێك هاتبووە قوتابخانەكەمان، من تاقیكردنەوەم هەبوو كە هاتمە دەرەوە، بەڕێوەبەرەكە پێیگوتم بڕۆ قسەیان بۆ بكە و بڵێ پاسەكان بۆ مەبەستی خراپ پەردەیان لێداوە، گوتی ئەگەر ئەو قسانە بكەی من دەرتدەچوێنم، نازانم چۆن قبوڵم كرد و قسەم كرد”.
كچە قوتابییەكە كە ئێستا لەبەرامبەر هاوڕێكانیدا شەرمەزارە، گوتی: “بەڕێوەبەر ئەو هەڵەیەی پێكردم، ئێستا رووم نییە بچمەوە ناو ئەو پاسە و لەبەردەمی قوتابییەكان ناشیرین بووم، قوتابییەكان هەڕەشەم لێدەكەن و دەڵێن بەهۆی قسەكانی تۆوە لە ماڵەوە تووشی كێشە بووین. من هیچ هەڵسوكەوتێكی ناشیرینم لە شۆفێری پاسەكان نەبینیبوو”.
شوفێری پاسەكان دەڵێن چەند جارێكە بەڕێوەبەرەكە داوای پارەمان لێدەكات، فوئاد ئەحمەد، شوفێری یەكێك لە پاسەكان گوتی: “ئێمە 19 شوفێرین، چەند ساڵێكە هاتوچۆ بە قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە دەكەین، سێ ساڵە كێشەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرەكە هەیە. ئەو داوای پارەی لێكردین و گوتی سێ مامۆستای وانەبێژ دەهێنمە قوتابخانەكە و دەبێت ئێوە پارەكەیان بدەن، گوتمان پارە نادەین، ئێمە بۆ خۆمان كاردەكەین نەك خەڵك، بەڵام ئەو چوو بەڵێندەرێكی هێنا بۆ ئەوەی هاتوچۆ بە قوتابییەكان بكەن، چونكە كۆمپانیاكە لەبەرامبەر گواستنەوەی هەر قوتابییەك 5 بۆ 10 هەزار دیناری دەدەنێ”.
شۆفێرەكان چەند جارێك لەلای پەروەردەی هەولێر سكاڵایان لە بەڕێوەبەرەكە كردووە، فوئاد گوتی: “لە پەروەردەی ناوەند و پەروەردەی گشتی سكاڵامان لەسەر كردووە، بەڵام كەس بەدەممانەوە نەهات، كە زانی سكاڵامان لێكردووە، كەناڵەكانی هێنا و چەند قوتابیەكیشی تێگەیاندبوو بۆ ئەوەی بڵێن شوفێرەكان گێچەڵی سێكسیمان پێدەكەن و پەردەیان بە جامی پاسەكانەوە هەڵواسیوە، بۆ ئەوەی قسە بۆ شوفێری پاسەكان هەڵبەستن و ناومان لەكەدار بكەن”.
دوای ئەو دەنگۆیە، كەسوكاری بەشێك لە قوتابییەكان رێگری لە كچەكانیان دەكەن بچنەوە قوتابخانە، یەكێك لەو قوتابیانە بە (رووداو)ی گوت: “كەمتر لە دوو مانگمان ماوە، بەڵام باوكم دەڵێ نابێ چیدیكە بچیتەوە ئەو قوتابخانەیە و بخوێنی، حەق بە ماڵەوەش دەدەم، ئاخر چ ویژدانێك قبوڵی دەكات كە ئەو بەڕێوەبەرە ئەم بوختانەی بۆ كردین؟ ئەو ئابڕووی 700 قوتابی بردووە، ئێستا هاوڕێكانم بە تانەوە پێمدەڵێن سەنتەری مەساجەكە لەكوێیە؟!”.
قوتابییەكە دەشڵێ كە بەڕێوەبەرەكەی تۆمەتی بۆ هەڵبەستووە: “پێیگوتم ڤیدیۆم لەلایە تۆ چوویتە دەرەوە و كاری خراپت كردووە، منیش باوكم بردە لای و پێمگوت ئەوە باوكم هێناوە، ڤیدیۆكە پیشانی من مەدە، بەڵكو پیشانی باوكمی بدە، بەڵام ئەو هیچ ڤیدیۆیەكی لا نەبوو”.
بەڕێوەبەری قوتابخانەكە لەگەڵ رەتكردنەوەی ئەو قسانە، قوتابی و مامۆستاكانیش بە دەستێكی ئاژاوەگێڕ ناو دەبات. (مامۆستا.ش)، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە (رووداو)ی گوت :”ئەو قوتابیانە دەستەیەكی ئاژاوەگێڕ و تێكدەرن، دەستی چەند مامۆستایەكیشیان لە پشتە، دەیانەوێت بارودۆخێكی ناهەموار لەناو قوتابخانە بخوڵقێنن، هیچ دایك و باوكێك پەیوەندی بە منەوە نەكردووە بڵێت كچەكەم نانێرمەوە، بۆیە ئەمە شتێكی دروستكراوە”.
بەڕێوەبەری ئامادەییەكە رەتیدەكاتەوە لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەك رێككەوتبێت و دەڵێ: “من هیچ كۆمپانیایەكم نەهێناوە، ئەنجوومەنی دایك و باوكان داوایان كردووە و دەڵێن ئێمە دەمانەوێت كۆمپانیایەك بێت سەرپەرشتی ئەو پاسانە بكات”.
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی شۆفێری پاسەكانیش بە گێچەڵی سێكسی، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێ: “من هیچ قسەیەك لەسەر ئەوە ناكەم، من بە هیچ قوتابییەكم نەگوتووە ئەو قسانە بكەن”.
وەزارەتی پەروەردە پێیوایە ئەوەی لەبارەی شۆفێرەكانەوە دەگوترێ دوورە لە راستی. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەبینین و بیستنی ئەو قسانە تووشی شۆك بووم، ئەو بابەتە بەم شێوەیە نییە كە گێچەڵی سێكسی بە كچە قوتابییەكان كرابێت، ئێمە بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەكە دەكەین”.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو بەڕێوەبەرە بە (رووداو)ی گوت: “بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر راسپێردراوە بەدواداچوون بكا، قسەی قوتابی و مامۆستا و شوفێری پاسەكانیش وەرگیراوە و رەتیدەكەنەوە كە شتێكی وا روویدابێت، ئەو بەڕێوەبەرە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆی ناوی شوفێری پاسەكان و قوتابییەكانی لەكەدار كردووە، تەنیا لەبەرئەوەی دەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك تێكەڵ كردووە بۆ ئەوەی پارەیان لێوەربگرێت و شوفێری پاسەكان لەو قوتابخانەیە نەهێڵێت، بۆیە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكە، سزای یاسایی بەڕێوەبەرەكە دەدرێت”.