لە نەمسا دوو کچی کورد لە خێزانەکەیان دابڕاون

رێكخراوێكی سەر بە حكومەتی نەمسا دوو كچی كورد لە خێزانەكەیان دادەبڕێنێ‌، دایك و باوكی كچەكان دەڵێن رێكخراوەكە بەناوی پشكنین دوو كچەكەیان بردووین و “شوێنبزریان كردوون”. نزیكەی 20 رۆژیشە هیچ هەواڵێكیان نازانن.

ئەو خێزانە كە خەڵكی رانیەن، سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بە قاچاخ گەیشتوونەتە نەمسا، هەشت مانگ لەمەوبەر ئیقامەی یەك ساڵیان وەرگرتووە. باوكی دوو كچەكە دەڵێت ژیانیان ناخۆش بووە و بەنیاز بوون چەند مانگێكی دیكە لە نەمسا بمێننەوە و دواتر بگەڕێنەوە كوردستان.

وریا حەمید كە باوكی دوو كچەكەیە، دەڵێت: “ئێمە خێزانێكی نۆ كەسین، لە كەمپ شوێنەكەمان زۆر بچووك بوو، بۆیە لە دەرەوەی كەمپەكە خانوویەكمان بە كرێ‌ گرت”.

بە گوتەی وریا، رێكخراوێكی پاراستنی مافی منداڵان و گەنجان كە سەر بە حكومەتە، بەناوی پشكنینی جەستەیان منداڵەكانی بردوون. وریا دەڵێ: “من لە دەرەوە بووم. رێكخراوێكی منداڵان و نەوجەوانان بەناوی (یوگنت ئامت) هاتبوونە ماڵەكەم، كاتێك گەڕامەوە منداڵەكان گوتیان دوو ژن هاتوون و ژمارە تەلەفۆنیشیان بەجێهێشتووە، منیش پەیوەندیم پێوەكردن، گوتیان خۆمان دێینەوە، دوای چەند رۆژێك هاتنەوە و دوو پۆلیسیان لەگەڵ بوو، گوتیان تۆ لە منداڵەكانی خۆت داوە، دەیانبەین بۆ پشكنین”.

رێكخراوەكە هەر حەوت منداڵەكەی وریای بردووە بۆ پشكنین، بەڵام نەیهێشتووە دایك و باوكیان لەگەڵیان بچن.  وریا دەڵێت: “دوای دوو رۆژ پشكنین و لێكۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەكیان دەستنەكەوتبوو كە لێمدابن، دواتر بردبوویاننەوە بۆ كەمپەكە، لێم پرسین بۆچی منداڵەكانتان نەهێناوەتەوە ماڵەوە؟”.

هێشتا دوو لە منداڵەكانی وریا بەناوەكانی هۆنیا 17 ساڵ و لەنیا 14 ساڵ لەلای رێكخراوەكەن. وریا دەڵێت “بەقسەی منداڵەكان رێكخراوەكە بەڵێنیان پێداون بیانگەڕێننەوە ماڵەوە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی ژمارەیان زۆرە، هۆنیا و لەنیای 17 و 14 ساڵیان بردووە. نزیكەی 20 رۆژە دوو كچەكەم شوێنبزرن و هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵیان نەماوە”.

ئێستا خێزانەكە بوونەتە سێ بەش، وریا دەڵێت: “دوو كچیان شوێنبزر كردووم، منداڵەكانی دیكە و دایكیان لە كەمپێكن، من و كچە گەورەكەشمیان لە ماڵەوە هێشتووەتەوە، نازانین هۆكاری ئەم كارانە چییە، دەمێك دەڵێن دەنگتان بەرزكردووەتەوە و دراوسێكان سكاڵایان لەسەر تۆمار كردوون، دەمێك دەڵێن لە منداڵتان داوە، دەمێك دەڵێن نابێت بیانبەیەوە بۆ عێراق و لەوێ‌ بەزۆر بەمێردیان دەدەی”. 

وریا حەمید داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەكات بەهانایەوە بچن و منداڵەكانی بۆ بهێننەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە 19/2/2019 وریا لەگەڵ رێكخراوەكە دابنیشێ‌، بۆ ئەوەی بزانێ‌ چییان لە دوو كچەكەی دەوێ‌.

رێكخراوێكی تایبەت بە پەنابەران لە رانیە بەدواداچوون بۆ كەیسی ئەو خێزانە و شوێنبزربوونی دوو كچەكەیان دەكات. بەكر عەلی بنگردی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: “ئەوە كارنامەیەكی نوێی چەند وڵاتێكی ئەوروپایە كە ئەمساڵ بەنافەرمی جێبەجێی دەكەن و وا لە پەنابەر دەكەن بێزار بێت و وڵاتەكانیان بەجێبێڵێ، ئەم بەرنامەیەش بۆ ئەوانەیە كە خێزاندارن، بەناوی رێكخراوی داكۆكی لە منداڵان سەردانیان دەكەن، دواتر منداڵەكانیان لێ جیادەكەنەوە و دەڵێن منداڵەكانتان نایانەوێ بگەڕێنەوە كوردستان، خۆشتان ئازادن ئەگەر دەگەڕێنەوە”.

لەبارەی كەیسی وریا و منداڵەكانیشی، بەكر گوتی: “ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هاوكاریان بین، ئەو خێزانە دوو كچیان لێسەندراوە و بەبێ ئەوەی خۆیان بڵێن ناگەڕێینەوە یان دەمانەوێ لە دایك و باوكمان جیابینەوە، لە خێزانەكەیان جیاكردوونەوە”.

بەگوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، ئەمە تاكە كەیس نییە كە ئەم كێشەیەیان بۆ دروستكراوە و دەڵێ: “چەند كۆچبەرێكی دیكەش تووشی هەمان كێشە بوون، بەڵام سكاڵایان نەكردووە”.