كوردێك لە سوێد فڕۆكە و ئەكادیمیای فڕۆكەوانیی هەیە

سوێد

لە ئاسمانی شاری ڤێسترۆس، ئالان بابان لە فڕۆكەیەكی خۆیدا كە قوتابییەكی لێیدەخوڕێ و ئەو فێری دەكات، قسەم بۆ دەكات. ئەو باسی خەونی كردنەوەی ئەكادیمیایەك بۆ فڕین لە كوردستان دەكات. دەشڵێت باندەكان یان جادەكانی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر یەكێك لە گەورەترین باندەكانی‌ جیهانن. ئەو گەنجە كوردە لە سوێد ئەكادیمیایەكی گەورەی لە شوێنی فڕۆكەخانەیەك كردووەتەوە كە جاران فڕۆكەخانەی سەربازی بووە و ئێستا لە سەرتاسەری جیهانەوە قوتابی دێن و لەسەر دەستی ئەو و هاوكارەكانی فێری فڕۆكەوانی دەبن.

خەون ببینە

باوكی ئالان رۆڵی گەورەی لە سەركەوتنەكانی ئەو كاپتنە فڕۆكەوانە كوردەدا بینیوە. ئالان دەڵێت بە منداڵی پۆستەرێكی لە ژوورەكەی هەڵواسیوە و تێیدا نووسراوە (خەون ببینە). بەپێكەنینەوە دەیگێڕێتەوە كە رۆژێك باوكی هاتووە و پێیگوتووە: “كوڕم، ئەگەر دەتەوێ خەونەكەت وەدیبێت، دەبێ هەستیت لە خەو!”. ئەم قسەیە كاریگەریی گەورەی لەسەر ئایندەی ئالان داناوە و خەونەكەی وەدیهێناوە كە بریتی بووە لە خەونی فڕین. باوكی دەڵێت ئالان بە منداڵی هەمیشە سەیری ئاسمانی دەكرد و زۆریش حەزی لە كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر فڕۆكە. بەجۆرێك كە لە تەمەنێكی زۆر كەمەوە جۆری فڕۆكەكان و ژمارەی ماتۆڕەكانیانی دەناسی و دەزانی.

پێیناكرێ

باوكی ئالان دەڵێت كاتێك لەنێو دۆستە كوردەكانی سوێددا باسی ئەوەی كردووە كە كوڕەكەی حەزی لە فڕۆكەوانییە، زۆربەیان پێیانگوتووە: “ئەوەی لێرە بۆ ناكرێ و باشترە فێری كاسبییەكی بكەی. بۆ نموونە دووكانێكی بۆ دابنێ”. بەڵام باوكی گوێ ناداتە ئەو قسانە و پشتیوانیی كوڕەكەی دەكات و دەیبات بۆ شوێنی مەشقكردن بۆ فڕۆكەوانی. ئەو دەڵێت: “خەونی خۆشم ئەوە بوو كە رۆژێك لە رۆژان ببمە فڕۆكەوان، بەڵام لەبەرئەوەی كورد بووم، لە عێراق نەیانهێشت ئەو خەونەم بێتەدی، بۆیە زۆر حەزمدەكرد كوڕەكەم ئەوە بكات كە حەزی لێیە و دەمزانی سەركەوتوو دەبێت”.

شێركۆی مامۆستا

مامێكی ئالان بەناوی شێركۆ بابان ساڵانێكی زۆرە لە بواری فڕۆكەوانیدا كار دەكات، بەڵام فڕۆكەوان نییە و شێفی كابینە، واتە بەرپرسی خزمەتگوزارانی نێو فڕۆكەیە. ئەو شارەزایی زۆری هەیە و زۆر وڵاتی جیهان گەڕاوە و یاریزانی بۆكسێنیشە‌. لەگەڵ هەردووكیان دەچمە سەنتەرێكی مەشقی بۆكسێن. شێركۆ بۆم دەگێڕێتەوە كە چۆن كاتێك ئالان منداڵ بووە، لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ مەشق. بەپێكەنینەوە دەڵێت: “ئەوكات دەستكێشەكانی مەشق هێندەی خۆی دەبوون”. هەمان ئەو ئالانە ساڵانی دوایی دەبێتە پاڵەوانی تای بۆكسینگ لە سوێد.

كەركووك و زاخۆ لە ئاسمانەوە

لەكاتی مەشقەكاندا لە ئەكادیمیاكەی، كاپتن ئالان دوو گەنجی كوردم پێدەناسێنێ. یەكێكیان خەڵكی كەركووكە و یەكێكیشیان خەڵكی زاخۆیە. ئەوان بە ئینگلیزی و سوێدی و جارجارەش بە كوردی پێكەوە قسەدەكەن و لەنێو فڕۆكەیەكی مەشقدا مەشق دەكەن. هەردووكیان رەتیدەكەنەوە تەنیا لەبەر كوردبوون هاتبنە ئەكادیمیاكەی كاپتن ئالان، بەڵكو وەك خۆیان دەڵێن لەبەر كواڵیتی و نێوبانگی ئەكادیمیاكە هاتوون. قوتابییەكی خەڵكی ئایسلەنداش هەمان قسەم بۆ دەكات و دەڵێت: “پرۆفێشناڵی و جدیبوونی ئالان وایكرد كە بێمە ئێرە”.

خەریكی گیرفان بە

ساڵانی رابردوو ئالانی فڕۆكەوان لەگەڵ باوكی بە عەشقێكی زۆرەوە دەچێتەوە كوردستان. ئەو دەیەوێ ئەوەی فێری بووە بباتەوە وڵاتی خۆی و ئەكادیمیایەك بكاتەوە. باوكی دەڵێت: “ئەوەی لەوێ بینیمان و پێمانگوترا، ئالانی زۆر نیگەران كرد”. وەك ئەو باسی دەكات، لە كوردستان پێیانگوتووە: “چ كارێكت بەو شتانە داوە، خەریكی گیرفانی خۆت بە!”. ئالان دەڵێ لە قسەی ئەو خەڵكە تێدەگات كە ئەوكات ئەو قسەیەیان كردووە و نائومێد نەبووە و خەونەكەی لە كوردستان هەر وەدیدەهێنێ: “ئەوكات پارە زۆر بوو، خەڵك لە قسەكانم تێنەدەگەیشتن، ئێستا كە پارە كەم بووە و ئەو ساڵانە تێپەڕیون، هەستدەكەم ئەمجارە تێدەگەن و پلانەكەمان دەكەینە راستی”.