ناوی دەوڵەتی سەفەوی بۆ ناوی (شێخ صفی الدین) دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی (1334)ز دا کۆچی دوایی کردووە، ئەم شێخە لە (ئەردەبیل) ناوبانگی دەرکردووە و خاوەن تەریقەتی بە ناو (سۆفیگەری) بووە و خەڵکێکی زۆر لایەنگری لێ کردووە لە ناوچە تورکەکان لە ئازەربایجان
لەگەڵ سەرەتای سەدەی شانزدەهەم تەرازووی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕا بە هۆی لاوازی دەوڵەتی (ئاق قۆینلو) دەسەڵات و ناوبانگی بنەماڵەی سەفەوی زیاتر بوو، لەو کاتەدا ئیسماعیلی سەفەوی ئەم لاوازییەی (ئاق قۆینلو) بە دەرفەتێک دەزانێت لە ناوچەکەی خۆی واتە ئازەربایجان دەوڵەتی سەفەوی رابگەیەنێت (ساڵی 1501)ز خۆشی بە شای ئەو دەوڵەتە دەست نیشان دەکات شاری (تەورێزیش) دەکاتە پایتەختی دەوڵەتەکەی و مەزهەبی شێعەش دەکاتە مەزهەبی رەسمی دەوڵەتەکە، پاشان هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواو خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەر بسەپێنێت، کە وڵاتی کوردانیش لەم خۆ سەپانەدا بێبەش نەبوو، بۆیە هەڵپەی داگیرکردنی کوردستان و تا بەغدای دەسپێکرد.
دەتوانین چاو تێبڕین و هەوڵدانی شا ئیسماعیلی سەفەوی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و خاکی عێراق بۆ چەند هۆکار بگەڕێنینەوە لەوانە:
١- یەک نەگرتوی هۆز و عەشیرەتەکانی کورد و ناو ماڵی کوردان پڕ بوو لە ئاژاوە و ناکۆکی ناوخۆیی.
٢- عێراقش گرینگیەکی تایبەتی بۆ بنەماڵەی سەفەوی هەبوو، چونکە مەزاری گەلێک لە ئیمامانی لێ بوو کە ئەوان بە ئیمامی شێعەکانیان دەزانی، بۆیە داگیرکردنی عێراق گرینگ بوو بۆ دەوڵەتی سەفەوی کە لە سەر پایەی مەزهەبی شێعە درۆس ببوو
کوردستانیش بە هۆی بە پیتو بەرەکەتیەوە و هەروەها هەڵکەوتی شوێنەکەی مەڵبەندێکی بازەرگانی بوو ئەمەش گرنگیەکی تایبەتی بو لای سەفەویەکان کە خاکی کوردەکان داگیر بکەن.
لە سەرەتادا شا ئیسماعیلی سەفەوی سیاسەتێکی نەرمی بەرانبەر کوردان بەکار هێنا ، بەڵام دواتر کە دەسیگرت بە سەر هەندێ لە ناوچەکانی کوردستانەوە هەڵسوکەوتێکی توندی بەرانبەر کورد نواند، تەنانەت دژی ئەو میرە کوردانەش بوو کە بۆ پیشاندانی لاینگری خۆیان و پیرۆزبایی بۆ دەوڵەتی سەفەوی سەردانیان کردبوو، بە پێچەوانەی چاوەروانی میرە کوردەکان، ، دەستی کرد بە زیندانی کردنیان، گۆڕینیان بە دانانی لایەنگرانی خۆی لە قزڵباشەکان.
ساڵی 1506ز یەکەم هێرشی سەفەوییەکان بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد بۆ تاڵان و کوشتن و برینی خەڵکی کوردستان.
هەروەها شا ئیسماعیل لە درێژەی فرەخوازیدا ساڵی 1508ز توانی بەغدا داگیر بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قۆینلو بهێنێت کە حوکمیان بە سەر عێراقەوە ئەکرد.