خیانەتی هاوسەرگیری و گرتنی خۆشەویستی بە دزی و سێکسی ئازاد و کوشت و کوشتار.
ماوەی چەند ساڵێکە بازرگانانی کورد لە باشووری کوردستان لە سەر میدیا کوردیەکانەوە وەک (کوردماکس و نێت تیڤی و ئێن ئاڕتی دوو و….هتد) بە ناوی دراما و فیلمی تورکیەوە دەستیان کردووە بە بڵاو کردنەوەی کلتوور و ئەخلاق و هەڵسوکەوت و زمان و داب و نەریت و …..هتد تورکی، کە بووەتە هۆکارێک و عادەتێکی ڕۆژانە لای گەورە و بچووک و کوڕ و کچ و ئافرەت و پیاوی ئەم هەرێمەوە، کە وای لێهاتێیە دەبێت ئەم زنجیرە فیلمانە بە مەجبووری سەیر بکرێت و لەدەست نەدرێت، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە بەهاتنی ئەم فیلمە بێ سنوور و بێ فیلتەرانە بێ ئەوەی کە بزانرێت ئایا لەگەڵ کلتوور و داب و نەریت و زمان و ئەخلاقی کوردەواری دا دەگونجێ؟ دەستکراوە بە بڵاو کردنەوەی ئەم فیلمانە وەک مادەی موخەدەرات و بێهۆشکەر و سەرخۆشکەر، کە وای لە گەلی کوردی “ئازا و چاو نەترس و ئەهلی کار و خەبات و شۆڕش و خاوەن بنەمای باشی بنەماڵە و کلتوور” بکات تووشی داڕمانی ئەخلاقی و شێواندنی شیرازەی بنەماڵە ببێت.
چەند نموونەیەک لەو کێشانەی کە لە ئاکامی سەیر کردنی ئەم فیلمانە لە هەرێمی کوردستان سەریان هەڵداوە:
خیانەتی هاوسەرگیری و گرتنی خۆشەویستی بە دزی و سێکسی ئازاد و کوشت و کوشتار.
دروستکردنی کێشەی ڕەفتاری و خەمۆکی و خۆشەویستی بێ بنەما و شەڕ و پێکدادان لە نێو قوتابخانەکان و لە دەرەوەی قوتابخانەکان و گەڕەک و کۆڵان وماڵەکان…..هتد، بە چەکی سارد و گەرم.
ئاڵۆگۆڕی حەب و تریاک و مادەی بێهۆشکەر و جگەرە و مەشرووبات و چەک و تەقەمەنی لە نێو گەنجان و تازە پێگەیشتوان.
شێواندنی شێوەی لەبەر کردنی جلوبەرگەی کوردی بۆ جلوبەرگێکی ورووژێنەر و ناسک و تەسک و دوور لە دابونەریتی کوردەواری و کوتانی خاڵ و تاتۆ لەسەر جەستە و ڕوومەتی کوڕ و کچی ژێر تەمەن ۱٨ساڵ.
ناشرین کردنی هەڵسوکەوتی منداڵانی تازە پێگەیشتوو لە گەڵ باب و دایک و مامۆستا و خزم و کەسوکار و دۆست و ئاشنا و جیران و گۆشەگیرکردنی ئەم گەنجانە بە شێوەیەکی وا کە پێویستیان بە دکتۆری دەروونناس ببێت.
خۆشەویست پەیداکردن و ئەوینداری و هاوسەرگیری بێ بنەما و بەبێ ئاگاداری پێشوەختی هەر دوو بنەماڵە و تووشی مەحکەمە و مەحکەمەکاری و کوژرانی چەند کەس لە سەر شەڕی نامووسی لەهەر دوو لا.
دروستبوونی باند و مافیا و گرووپی بارمەتەگر و بازرگانانی بە قاچاخبردنی مرۆڤ و مادە هۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی و دزی کردن لە شوێنە گشتیەکان و کوشتن و بڕینی ماڵ و ئۆتۆمۆبێلی خەڵک .
بێ ڕێزی کردن بە عەشیرەت و دایک و باب و ئەو کەسانەی کە ئەویان پەروەردە کردووە و تەواوی کۆمەڵگاکەی خۆی .
شەو نەخونی گەنجان و درنەگ هاتنەوەیان لە کۆڵان و سەرقاڵبوونیان بە ئینتەرنێت و چەک و تەقەمەنی و خۆشەویستی بێ بنەما و کەوتنیان لە دەرس و قوتابخانە.
تەهدید و هەڕەشەی کوشتن لەیەکتر و توڕەی و بێڕێزی بە کەسی بەرانبەر و شکاندنی یاسای وڵات لە هەموو لایەکەوە.
کە بۆی دەڕوانی هەمووی بە گشتی ئاکامەکانی ئەم جۆرە فیلمە و فیلم و دراما هاوردە کراوانەی تورکیایە کە ئێستا ماڵ بە ماڵ کۆڵان بەکۆڵان و جادە بە جادە و میدیا بە میدیا وا خەریکە لە لایەن بازگانانی کورد و تورکەوە ڕێکلامی ۲٤ کاتژمێری بۆ دەکرێت.