شەوو چییە؟

لە کوردیا کەسی توش بوو بەم حاڵەتە پێ ئەڵێن شەوو گرتی، با بزانین ئەم حاڵەتە لە روانگەی زانستیەوە چۆن لێکدراوەتەوە و ئەگەرێتەوە بۆ چی


شەوو بە حالەتێک دەڵێن کە کەسی نوستو لە خەوێکی قۆرسدایە، لە ناکاو هەڵدەستێ و هەست دەکات شتێکی گران ” قورس” لە سەر سینگیە، هەندێ جار هەست دەکات بوونەوەرێک لە سەر سینگی دانیشتووە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت جسمی بجوڵێنێت تاکو ئەو بوونەوەرە لە سەر سینگی لابات، کاتێک ئەو کەسە لەو حاڵەتە دەردێت دەیگێرێتەوە: کە بەتەواو مانا ئاگام لە چواردەورم بووە بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەمدەتوانی بجوڵێمەوە
هەروەها هەندێ جار ئەو کەسەی کە دەکەوێتە ئەو حاڵەتەوە دەنگێک دەبیستێ و تەنانەت کۆمەڵێ شتی نائاسای دەبینێت! یان خود هەندێ جار هەست دەکات کە بونەوەرێکی دیکەش لە ژورەکە هەیە، یا خود کەسەکە هەست دەکات ئەیەوێت لە جسمی خۆی دەربکەوێت! ئەمانە ئەو شتانەیە کە ئەو کەسانەی کەوتونەتە ناو ئەو حاڵەتەوە بۆ وەسفی شەوو بەکاری دێنن

بەڵام راستی ئەم حالەتە ئەگەرێتەوە بۆ چی؟

لە زانستی پزیشکی دا بەم حاڵەتە فەلج بوونی مێشک دەڵێن ”سلیپ پارالێل!
ئەمە تێک چونێکی باوە لە خەودا کە لە سەدا %٢٥ مرۆڤەکان لە ژیاندا ئەوە تەجروبە دەکەن واتە ئەو حاڵەتەیان بەسەر دێت!
لە کاتی ئاسایدا کە جسمی مرۆڤ ئەرواتە نێو خەوێکی قۆڵەوە دەست دەکات بە دیتنی خەو! بە شێوەیەکی سروشتی لە کاتی خەودا، جسم لە ژێر فەرمانی مێشک نامێنێت و هیچ جۆرە پەیامێک لە لایەن مێشکەوە بە جسم ناگات! هۆکاری ئەوەش روونە، بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک لە خەودا خەو دەبینێت کە رادەکات، لەو کاتە پەیامێک لە مێشکەوە بە جسم و ماسولکەکانی جسم ناگات، ئەگینە لەو کاتەی کە کەسێک خەو دەبینێت کە لە خەودا رادەکات ئەگەر جسمی پەیام لە مێشکەوە وەر بگرێت ئەوە هەڵدەستێ لە ژورەکەی دەس دەکات بە راکردن، هەر بۆیە مرۆڤ کاتێک کە خەوتووە جسمی لە ژێر کۆنترۆڵی مێشک دا نییە بەڵام هەر کە هەستا لەخەو جسمی مرۆڤ دووبارە ئەکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی مێشک. 
بەڵام کەسانێک کە فەلج بونی خەویان هەیە، ئەم بەڵانسە لای ئەوان تێک دەچێت ئەو کاتەی کە لە خەوی قورس هەڵدەستێ، هێشتا مێشکی نەیتوانیوە جسمی کەسەکە بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە!
کەسەکە هەستاوە لەخەو و هەمو هەستەکانی کار دەکات بەڵام ناتوانێت بجوڵێت! و ئەم حاڵەتە چەند سانیە یا دەقیقە دەخایەنێت بەمە دەڵێن فەلج بوونی خەو.

هۆکاری فەلج بوونی خەو ”شەوو” چیە؟
زۆر هیلاک بوون بە رۆژدا، نارەحەتی زۆر لە ژیاندا، بەکار هێنانی دەرمانی خەو هێنەر، بەکارهێنانی هەندێ لە ئانتیسیتامینەکان، زۆر خواردن پێش خەو، کەم خەوی، ترس، خواردنی زۆر کافەئین. ئەمانە هۆکاری کەوتنە ناو ئەو حاڵەتەن لە کاتی خەوتندا

دەرمانی ئەم کێشە چییە؟
یەکەم جار دەبێت بزانن کە ئەم حاڵەتە ” شەوو” هیچ مەترسیەکی نییە نە لە سەر جسم نە لە سەر رۆح!
لە کاتێک دا کە توشی فەلج بوونی خەو دەبن، هەوڵ بدەن تەرکیز لە سەر یەک شوێن لە جسمتان بکەن بۆ نمونە تەرکیز لەسەر ” پەنجەی دەستان” بکەن و هەوڵ بدەن تەنها ئەو شوێنەتان بجوڵێنن 
بە زوترین کات کێشەکە چارەسەر دەبێت و لەو حاڵەتە دەرباز دەبن
بۆ دووبارە نەبونەوەی ئەو حاڵەتە هەوڵ بدەن بە شێوەی رێک و پێک رۆژانە وەرزش بکەن، نارەحەتی و سترێسەکانتان کەمەوە بکەن، پێش نوستن زۆر چای مەخۆن، کەمتر خواردن بخۆن، لە سەر پشت مەنوون.

بابەتەکە تایبەتە بە ماڵپەری
xorhelat.net