هۆکارەکانی نەزۆکی لە ژنان و پیاواندا چیە!؟

بە تەنێ ژن فاکتەری بەرپرس نییە لە پیتاندن و نەزۆکیدا و بگرە پیاوانیش لێی بەدەر نین، ئەوەش هەناسەیەکی نۆێی بەبەر ژندا کردووەتەوە و کەمێک لە مافەکانی قەرەبوو کردووەتەوە.

نەزۆکی و وەجاخ کوێری یەکێکە لەو گیر و گرفتانەی کە هەر لە دێر زەمانەوە جێگەی لێ ورد بوونەوە و تێڕامان بووە و خولیا و حەزی زۆری هاوسەرانی لە گۆڕ ناوە، بۆیە زۆر جاران بوونی منداڵ بووەتە مایەی پتەو بوون و قایم بوونی پایەی هاوسەرێتی و بە پێچەوانەشەوە، نەبوونەکەی بووەتە مایەی هەڵوەشان و لێک ترازانی شیرازەی خێزان.

بوونی منداڵ لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا لە هەموو شارستانیەتێکی تر زیاتر گرنگی پێ دراوە، چونکە پیاو سالاری لەو کۆمەڵگایەدا هەمیشە باڵا دەست بووە و پیاو نەیویستووە دوای خۆی وەجاخی کویربێ.

هەمیشە لەو ململانێی وەجاخ کوێریەدا ژن زیانمەندی یەکەم بووە و بە داری بێ بەر ناوزەد کراوە، ئەویش بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو هاوسەنگییە و بۆ لابردنی ئەو عەیب و عارە لەسەر خۆی پەنای بۆ شێخ و مشایەخ و گۆڕ و نوشتە و جادوو بردووە، بەڵام خۆشبەختانە ئەوڕۆ بواری زانستی پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و پشکێکیشی گەیشتووەتە وڵاتی ئێمە و دەرکەوتووە کە بە تەنێ ژن فاکتەری بەرپرس نییە لە پیتاندن و نەزۆکیدا و بگرە پیاوانیش لێی بەدەر نین، ئەوەش هەناسەیەکی نۆێی بەبەر ژندا کردووەتەوە و کەمێک لە مافەکانی قەرەبوو کردووەتەوە.

ئەو نەزۆکییەی کە لە پیاوەوە سەرچاوە دەگرێ دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری بنەڕەتی:

١- نەبوونی توانای پیتاندن.
٢- نەبوونی توانای هاویشتن و فڕێدانی مەنی بۆ هێلکە جۆگەکانی ژن.
٣- نەبوونی زانیاری و چوونە لای ژن لەو ڕۆژانەدا کە هێلکە لە هێلکەدانەوە
دەردەچێت بۆ ترووکان، چونکە لەچەند ڕۆژێکی دیاری کراودا هێلکۆکە دەترووکێ و کرداری پیتاندن ڕوو دەدات و ژن تێیدا دووگیان دەبێ.

بەڵام نەزۆکی لە ژندا ئەویش چەند فاکتەرێکی خۆی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ:

١- بەهۆی بوونی چەند کەم و کووڕیەک لە هۆڕمۆنەکاندا، ژن هەر لە سەرەتاوە منداڵی نابێ وەک نەخۆشی هۆڕمۆنی دەرەقی.
٢- هەندێک جار نەزۆکی لە دوای بوونی یەک یان دوو منداڵەوە ڕوو دەدات، وەک لە دەر ئەنجامی خوێن بەربوونێکی زۆر توندا لە کاتی نەشتەرگەریدا یان بەهۆی ئاوسان و برینی درێژخایەن لە ئەندامی زاوزێدا.
٣- زۆر جاران تەسکی و ترشێتی داوێن دەبێتە مایەی کوشتنی سپیرمەکانی پیاو پێش ئەوەی خۆی بگەینێتە هێلکەدانی ژن کە لەو کاتانەدا دکتۆری مامانی تۆزێ “بیکاربۆناتی سۆدیۆم” بۆ ئەو ژنانە دادەنێ یا داوێنی خۆیانی پێ بشۆن.
٤- زۆر جاران دروست بوونی وەرەم یان گۆشتە زیادە کە لە ماسوولکەکانی منداڵداندا پەیدا دەبێ، دەبێتە مایەی نەزۆکی و هۆکارەکەشی تا ئێستا نەزانراوە.
٥- هەڵگەڕانەوە یان خزینی منداڵدان کە بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت.

ئەلف – نەزۆکی لە پیاودا:

لە پێشدا باسمان کرد کە بە شێوەیەکی گشتی لەهەر مەنی فڕێ دانێکدا نزیکەی (٣-٤) سانتی مەتری سێ جا مەنی لە پیاوەوە دەردەچێت کە لە هەر سانتی مەترێکی سێ جادا نزیکەی (١٠٠) ملیۆن زیندەوەری زیندووی بە جووڵە (مەنی) هەیە کە پێ دەڵێن سپرێم، ئەگەر لەهەر سانتی مەترێکی سێ جادا کەمتر لە (٣٠) ملیۆن سپرێم هەبێت ئەوە ئەو سپرێمانە توانای پیتاندنی توخمیان نییە.

لەوانەیە ئەوەش مایەی سەرسووڕمانی تۆبێ چونکە دەزانیت کە بۆ پیتاندن و سکپڕی ژن تەنها یەک سپرێم بەسە! بەڵام لێرەدا زۆری و کەمی سپرێم گرنگ نییە بەڵکوو چۆنیەتی چالاکییان گرنگە، بەو مانایە کە دەبێ توانای و چالاکییان بەڕادەیەکی تێر و تەسەل بێت کە بتوانن لانی کەم (٢٤) کاتژمێر لەناو دەزگای زاوزێی ژندا بەزیندوویی بمێننەوە، هەروەها ئەو هۆکارانەی خوارەوەش نەخشیان لەسەر نەزۆکی پیاو هەیە:

١- لاوازی هێزی جنسی: لەو بارەدا سپرێمی پیاو لەهەرلایەنێکەوە سرووشتییە، بەڵام سک پڕی پێ ئەنجام نادرێت، چونکە تووشی ناتەواوی زوو ڕژانی مەنی بوو.
٢- زیادەڕەوی لە ئاوێزاندا (جووت بووندا).
٣- گوێ نەدان بەکات و وەختی گەرانێژی: ژن لە خولی مانگانە بە شێوەیەکی گشتی هەر (٢٨) ڕۆژ تەنها یەک شەو ڕۆژ شانسی دووگیان بوونی هەیە.
٤- درەنگ باڵغ بوون بە هۆی ڕژێنی (تیرۆئید).
٥- گرتنی وێنەی تیشکی X (ئەشەعە) بە زۆری.
٦- نۆشینی ماددە بێ هۆشکەرەکان.

بە- نەزۆکی لە ژناندا:

نەزۆکی لە ژندا دوو جۆرە یەکێکیان نەزۆکی هەمیشەیی کە ژن هەرگیز نازێت (دووگیان) نابێت و دووەمیان کاتییە واتە ژن یەک دوو منداڵی دەبێ و ئینجا لە زاین (دووگیان) بوون دەکەوێت.

بۆ ئەوەی کە نەزۆکی ژنێکی ساغ بزانین، پێویستە بزانین ئاخۆ گەرانێژی دەکات یان نا؟ بە واتایەکی تر نوتفەی سالم دروست دەکات یان توانای دورست کردنی نییە، ئینجا دوابەدوای ئەوە، ئەو هۆکارانەی خوارەوەش هۆیەکی سەرەکین بۆ ئەو مەبەستە:

١- تەسکی منداڵدان: فراوان نەبوونی منداڵذان دەبێتە هۆی ئەوەی کە توخم دوای پێکهێنانی توانای لانە دروست کردنی نەبێت لە ناوەوەی دیواری منداڵدندا.
٢- کەم خوێنی و بەدخوراکی.
٣- نەخۆشی سیل و شەکرە.
٤- قەڵەوی زۆر.
٥- کەمی ڤیتامین A و E لە لەشدا.
٦- خواردنەوەی ماددە بێ هۆش کەرەکان وەک: هێرۆین و حەشیش و تلیاک (تریاک) و …هتد.
٧- درەنگ باڵغ بوون بەهۆی ڕژێنی (تیرۆئید).
٨- تەنگ بوونی لوولەی منداڵدان.
٩- هەوکردنی سەختی منداڵدان.
١٠- هەڵکشان و خزینی منداڵدان.