هونەرمەندێکی باکووری کوردستان دوای 288 رۆژ لە مانگرتن دژی ئەو قەدەخانەی حکومەتی تورکیا خستبوونیە سەری، گیانی لەدەستدا.  

دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا قەدەخە و سنووردارکردنی خستە سەر ناوەندی رۆشنبیریی ئیدیل، هونەرمەند هێلین بۆلەک و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی ناڕەزاییان نیشاندا، بەتایبەتی کە ناوەندەکە و گرووپی مۆسیقای یۆروم نەیاندەتوانی کۆنسێرت سازبکەن، چونکە خرابوونە ژێر گوشاری زۆر و چەند ئەندامێکیشیان خرانە لیستی بوڵتەنی سووری داواکراوان.  

هێلین داوای لابردنی ئەو قەدەخانەی کرد و دەستی بە مانگرتن کرد و ناوی لە مانگرتنەکەی نابوو ”رۆژووی مەرگ”. 

هێلین دوای ئەوەی 288 رۆژ بەبێ خواردن و خواردنەوە مایەوە، لە ناوچەی ساریەری ئیستەنبووڵ و لەو خانەیەی کە ”ماڵی بەرخودان”ـی پێدەڵێن، گیانی لەدەستدا. گرووپی مۆسیقای یۆروم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر بڵاوی کردەوە، “هێلین بۆلەک، ئەندامی گرووپی مۆسیقای یۆروم کە 288 رۆژ لە رۆژووی مەرگدا بوو، شەهید بوو”. 

گرووپی یۆروم داوای لە لایەنەکان کرد خاوەنداریی ئەم هونەرمەندە بکەن و لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا ئامادەبن.