لە ئەنقەرە گەنجێكی كورد لە یەكێک لە پاركەكانی ئەو شارە لەبەر گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیكی كوردی لە لایەن چەند تورکێکی فاشیستی رەگەز پەرەستەوە دەدرێتە بەر چەقۆ گیان لەدەست دەدات.
گەنجێكی كورد بەناوی (بارش چاكان)ی تەمەن٢٠ ساڵ، لەبەر ئەوەی گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە كوژراوە.
بارش شەوی ٣١ی ٦ی ٢٠٢٠ لە ماڵەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی چووەتە دەرەوە لە یەكێک لە پاركەكان دانیشتووە گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە، بەڵام لە لایەن ٣ كەسەوە بە چەقۆ پەلامار دەدرێت و دەکوژرێت.
تاكوو ئێستا ناوی ئەو سێ كەسەی “بارش”یان كوشتووە ئاشکرا نەکراوە؟ بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاشكرا بووە کە لە گەڕەكەكانی (یۆزگات و كرككەلا و تۆكاتە) دادەنیشن هەروەها بە گوێرەی زانیارییەكان هەر سێ كەسەكە دەستگیر كراون.
لەم بارەوە عەلی نەسین مامۆستای زانكۆ، لەو وڵاتە ئەڵێت: لەم تورکیا جارێک لەبەر ئەرمەنی بوون و جارێک لەبەر كورد بوونەوە دەتکوژن و جارێكیش لەبەر تیرۆریست بوونەوە لە پۆست و سەرۆک شارەوانی دوورت دەخەنەوە.
ئەو نیگەرانی خۆی لە كوشتنی بارش دەربڕیوە و دەڵێت: چ ویژدانێک قبوڵ دەکات کە کەسێک لەبەر گوێ گرتن لە گۆرانی و میوزیكی كوردی بەناحەق بەر چەقۆ بدرێت و بکوژرێت?!