ڕیککەوتی ١٥/٠٩/٢٠٢٠ لەنێو باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا چەند چەکدارێکی دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵێکی کورد و دایک و باوک و کچێکیان دەکوژن.
پێشتر دادپزیشکیی بەغدا رایگەیاندبوو کچە پزیشکەکە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و دەست و قاچیشی بڕاونەتەوە، بەڵام بنەماڵەی کچەکە ڕەتیدەکەنەوە دەست و قاچی بڕابێتەوە و دەستدرێژیی کرابێتەسەر.
هێمن باجەلان، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی ئەو خێزانە سێ کەسییە کوردەی کە لە بەغدا کوژران، لەگەڵ بەڕێوەبەری دادپزیشکی بەغدا قسەیانکردووە و روونبووەتەوە کە رووداوەکە بەم شێوەیە بووە “گرووپێکی چوار کەسی بە چەک و چەقۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و کچەکەیان خنکاندووە و دواتریش دایک و باوکەکەیان بە چەقۆ کوشتووە، بەڵام سەرنەبڕاون و هیچ بەشێکی جەستەشیان لێنەکراوەتەوە، بەهیچ جۆرێکیش دەستدرێژی نەکراوەتە سەر کچەکە”.
رووداوەکە کاتژمێر ١١:٠٠ی شەوی رابردوو روویداوە. ئەوانەیشی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکە بە ناوی هێزی ئەمنی چووەنەتە سەر ماڵەکە و دواتر هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتوون.
سێ کەسی خێزانەکە لە کچێک و باوک و دایکی پێکهاتوون، کچەکە دەرمانسازە و ناوی “شیلان دارا رەئووف”ـە، تەمەنی ٢٧ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٦دا خوێندنی کۆلێژی دەرمانسازیی تەواو کردووە.
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق گوتیشی “خێزانەکە لە ئامادەکاریدابوون بۆئەوەی بە یەکجاری بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش کچەکەیان ‘شیلان دارا رەئووف’ کە دەرمانسازە، دەرمانخانەکەی فرۆشتووە و باوکیشی ‘دارا رەئووف’ خانووەکەی فرۆشتووە، ئەمەش ڕەنگە هۆکارێک بووبێت بۆ کوشتنیان، چونکە تاوانبارەکان زانیوویانە لە ماڵەوە پارەیان هەیە”.
هێمن باجەلان ئاماژە بەوەش دەکات، “دوور نییە ئەم تاوانە باکگراوندێکی سیاسیشی هەبێت، بەڵام دەبێت ئەوە بۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لێبگەڕێین”.
ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکە بۆ دزیکردن چوون و دواتر ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
رووداوەکە لە ناوچەی مەنسووری رۆژئاوای بەغدا روویداوە و خێزانەکە لەنێو شوقەیەک ژیاون، لە نزیک ئەو شوێنەش باڵیۆزخانەی رووسیا هەیە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هیچ رووداوێکی هاوشێوە یان کوشتن لەو شوێنە رووینەداوە و شوێنەکەش بە ناوچەیەکی ئارام لە بەغدا ناسراوە.
ئاشنا بابان کە خوشکەزای دارا رەئوف سەبارەت بە ڕووداوەکە رایگەیاند، شەوی رابردوو ئێمەیان لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە و بە بیستنی هەواڵەکە هەموومان شۆکبووین. خاڵیشم لە پەنجاکانەوە لە بەغدا دەژی و کێشەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نەبووە.