سێ تێکهەڵچوونی چەکداری لە پارێزگای (سنە)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نزیک شارەکانی مەریوان، سنە و کامێران-کامیاران لە نێوان هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و هێزێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت ئاخووندی هاتووەتە ئاراوە.

سەر لەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠)، لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی باڵک و سەرکەلی شاری مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران هاتووەتە ئاراوە کە سێ کاتژمێر درێژەی کێشاوە و شەڕەکە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کۆتایی پێهاتووە.

سوپای تیرۆریستی پاسداران دوای ئەو تێکهەڵچوونە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیان تۆباران کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زانیارییەک لە سەر زیانە گیانییەکانی لایەنەکانی ئەو شەڕە بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ حیزبێکی کوردستانیش بەرپرسیارێتی شەڕەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، لە بەرزاییەکانی ژاوەرۆی سنە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و هێزێکی کوردستانی ڕووی داوە کە سوپای تیرۆریستی پاسداران دوای تێکهەڵچوونەکە ئەو ناوچانەی تۆباران کردووە، هەتا ئێستا زانیاری زیاتر لە سەر ئەو شەڕە بە دەست نەگەیشتووە.

هەروەها، بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات (ی ر ک) باڵی سەربازی کۆمەلگەی دیمۆکراتیکی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارەنە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی تیلەکۆی کامێران-کامیاران گریلایەکی ئەو حیزبە بە ناوی ”دانیال دووستی“ کە خەڵکی مەریوان بووە، گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەی هەواڵ: هەنگاو