ئەمریکا مووشەکی پاتریۆتی زیاتر لە کەنداو جێگیر دەکات

ئەمریکییەکان: ئەگەر پێویست بکات ئەو کەشتییە دەنێردرێتە کەنداو و گەرووی هورمزیش کە ئێران هەڕەشەی داخرانی لێ دەکات.

دوای تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کردووە، پاتریک شاناهان، سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاری داوە قەڵغانی مووشکی پاتریۆتی زیاتر لە کەنداو جێگیر بکرێت.

ئەو بەپرسە ئەمریکییە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ئەم زانیارییانەی خستووەتە ڕوو.

پێشتریش تۆڕی میدیایی (CNN) لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە دانوستان بۆ جێگیرکردنی قەڵغانی مووشەکیی زیاتر لە کەنداو دەستی پێکردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا ڕایان گەیاندووە زانیارییان هەیە کە ئەگەری هێرشی هێزەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە بۆ سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئارادایە، بۆیە دەستی کردووە بە هەناردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری “ئابراهام لینکۆڵن” و فڕۆکەی بۆممبهاوێژی (B52).

کەشتیی (USSی لینکۆڵن) ڕۆژی پێنجشەممە لە گەرووی سووئێز تێپەڕی، هاوکات “جەیم مالوی” فەرماندەی کەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ئەگەر پێویست بکات ئەو کەشتییە دەنێردرێتە کەنداو و گەرووی هورمزیش کە ئێران هەڕەشەی داخرانی لێ دەکات.