بەشی حەڤدەیەمی ژینۆساید (جینۆساید)؛ سەرەتای نەهامەتی کوردە فەیلییەکان:

کوردە فەیلییەکان لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوانی ڕێبازی شێعە مەزهەب بوون، بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناو نووسکران، بۆیە بە بەردەوامی کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراقییەوە.

کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شێعەکان پەیوەستە بەو ململانێ سیاسیە دوور و درێژەی نێوان هەر دوو دەوڵەتی عوسمانی تورک و سەفەوی ئێرانی، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان دووکەوتەی ئێرانی و عوسمانی.

زۆر لە شێعە عێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونووسکران، کە لەناویاندا کوردە فەیلییەکان بوون لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی رووبەڕووی جیاکردنەوە (هاوێڵکردن) بوونەتەوە لە گەڵ توێژ و چینەکانی تری کۆمەڵگەی عێراق.

لە ساڵی ١٩٢٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لەسەر دابەشکردنی گەلی عێراق کردەوە بۆ سێ بەش لە سەر بنەمای ئایین و نەتەوە.

کوردە فەیلییەکان لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوانی ڕێبازی شێعە مەزهەب بوون، بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناو نووسکران، بۆیە بە بەردەوامی کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراقییەوە.

لە گەڵ دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵات، لە لایەن بەعسییەکانەوە، لە ساڵی ١٩٦٨ بە دواوە، کوردە فەیلییەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لە ناوبردن بوونەوە.

لەسەرەتای حەفتاکان ڕژێم نزیکەی (٤٠،٠٠٠) چل هەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانۆی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە.

لە درێژەی پێدانی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستییە، لە ساڵی ١٩٨٠ بە پێی بریاری ژمارە (٦٦٦)، مافی هاوڵاتیبوونی لێسەندنەوە، ئینجا دەست بەسەر ماڵ و سامانیان داگیرا.

ئەنجامی لەناوبردنی ئەو توێژە ڕەسەنەی گەلی کورد، بۆ بنبڕکردنی کورد بوو لە بەغدا و شوێنە عەرەبنشینەکانی عێراق، ژمارەیەکی ئێگجار زۆریان بەوپەڕی ڕەفتاری دڕندایەتی و نامڕڤانەوە، بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و منداڵەکان دەستیپێکرد، کە لە مێژوو کەم وێنە بووە.

سەرەڕای ئەم هەموو زۆردارییەی کە بەرامبەریان دەکرا، هەر بەوە نەوەستان بەڵکوو دەستکرا بە ڕەشبگیرکردنی هەزاران گەنجی فەیلییەکان وەک بارمەتە، کە تا ئیستا بێسەروشوێنن و هیچ زانیاریەکیان لە بارەوە نازانرێت.

ڕژێم چەمکی ڕەچەڵەکی ئێرانی کردە بیانۆ بۆ ڕاگواستنیان، بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی بەغدا و شار و شارۆچکەکانی تری عیراق، دوریخستنەوە بۆ سنوورەکانی عێراق – ئێران، لە پێش و لە دوای جەنگی (١٩٨٠- ١٩٨٨) بە بێ گوێدانە هیچ یاسا و مافێکی مێژووی ئەم گەلە.

ساڵی (١٩٨٠) وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیارێکی دەرکرد بە دوورخستنەوەی ئەو کەسانە کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین و لە عێراقدا دەژین، ڕەگەزنامەی عیراقییان نییە.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارە ئەو گەنجانە کە تەمەنیان لە نێوان ( ١٨- ٢٨) ساڵدا بوو، وەک دسبەسەر لە لای ڕژێم مانەوە، ئەوانی تریش بەرەو سنوورەکانی ئێران دوور خرانەوە، بڕیارەکە جەختی کردەوە هەر کەسێک بیەوێت بۆ عێراق بگەڕێتەوە دەبێ گوللە باران بکرێت.

لە میانەی چەوساندنەوەی توندوتیژی، سەرۆکی پێشووی عێراق (سەدام حسێن)، داهێنانێکی نوێی هێنا کایەوە، ئەو پیاوەی عیراقییە و ژنەکەی فەیلییە دەبێ لێی جیابێتەوە، بەرامبەر بە (٤،٠٠٠) چوار هەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، (٢،٥٠٠) دوو هەزار و پێنج سەد دینار ئەگەر سڤیل بێت.

لە میانەی بەردەوامبوونی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد، تەنیا لە ٤ی نیسانی ١٩٨٠، (٥،٠٠٠) پێنج هەزار کوردی فەیلی بە کۆمەڵ لە ناوبران.

بە پێی ئامرەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی (٤٠٠،٠٠٠) چوارسەد هەزار هاوڵاتی فەیلی بوونە قوربانی ئەم سیاسەتەی ڕژێم بە کوژرا و ڕاگوێزراوەوە.

لە دوای ڕووخانی رژێم لە ساڵی (٢٠٠٦) یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ١٩٨٠ی پووچەڵکردەوە، کە پەیوەست بوو بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی لە لایەن ڕژێمی پێشوو.

ژمارەیەک توانیان مافەکانیان بە دەست بهێننەوە، بەڵام ژمارەیەکیان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو مافانە بەدەست بهێننەوە، چونکە بۆ گێڕانەوەی مافەکانیان پێویستیان بە بەڵگەنامە هەیە کە ڕەچەڵەکی عێراقی خۆی بسەلمێنێ، دەبێ لە سەرژمێری ١٩٥٧ ناونووس کرابێت، بەڵام خەلکێکی زۆر بەڵگەنامەکانیان نەماوە، لەبەر ئەوەی ڕژێم لە کاتی شاڵاوەکانی دەرکردن و گرتنەکان هەمووی لەناو بردووە.