بەشی بیستەمی ژینۆساید (جینۆساید)؛ جینۆسایدکردنی بارزانییەکان:

بە پێی بەڵگەنامەکان، ئەو پیاوە بارزانیانەی تەمەنیان لە ١٥ ساڵ بەرەو سەرەوە بوو بۆ بەغدا گوسترانەوە و ڕەوانەی دادگای بەناو شۆڕش کران، لەم دادگایە بە شێوەیەکی ڕەمەکی حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن، دواتر حوکمەکە جێبەجێکرا.

لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق – ئیران، ڕژێم لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا شکستی دەخوارد بە تایبەتی لە بەرەکانی شەڕی کوردستان، ئەمە لە لایەک لە لایەکی تر بەشدارینەکردنیان لە ڕێزەکانی سوپای عێراق و بەشدارینەکردنی گەنجەکانی کورد لە (شەڕی قادسیە) و چوونە ڕێزی پێشمەرگە، بۆ ڕژێم بووە بارگرانییەکی گەورە لە کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکە، بەتایبەتی لە دوای شکستەکانی سوپای عێراق لە بەرەکانی حاجی ئۆمەران، بۆ ڕژێم بووە بیانۆیەک بۆ تۆڵە سەندنەوە لە کورد بەگشتی و بارزانییەکان بەتایبەتی، کە گوایە هاوکاری سوپای ئێرانیان کردووە، بۆ داگیرکردنی ناوچە سنووریەکانی بەرەی حاجی ئۆمەران.

لە تەمووزی ١٩٨٣ ڕژێم بە هێزێکی گەورە کە پێکهاتبوو لە دەزگا ئەمنییەکان و گاردی کۆماری، گەمارۆی هەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە)دا لە شارۆچکەی قوشتەپە، کە بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێیبوو، دەستیکرد بە گرتنی نێرینەی تەمەن (١٥) ساڵی تاکوو پیرەمێردی (٩٠) ساڵی، ڕاپێچی ناو پاسی پەردە پۆشکران و بەرەو شوێنی نادیار گواسترانەوە.

لەمانگی ئابی هەمان ساڵ، پەلاماری کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی (بەحرکە و هەریر و دیانە)ی دا و نێرینەکانیان دەسگیرکرد و بە پاسی گەورە بەرەو باشوور ڕەوانەکران.

لە مانگی تشرینی یەکەم دووبارە هەڵیان کوتایە سەر هەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە)، بۆ ئەو مێرمنداڵانەی کە جاری پێشوو دەسگیر نەکرابوون، ئەمجارە هەموویان دەسگیر کردن.

لەم پەلامارانەی گرتن و ڕاوەدوونان، نزیکەی (٨٠٠٠)هەشت هەزار نێرینەی بارزانی لە گەنج و پیر و ساغ و نەخۆشەوە، تەنانەت ئەوانەی کە لە ڕووی دەروونیشەوە تەواو نەبوون دەسگیرکران و شوێنبزرکران و ژن و منداڵەکانیشیان بە بێ سەرپەرشتی و بە ژیانێکی مەرگەساتی لە ئۆردوگاکان هێشتنەوە.

بە پێی بەڵگەنامەکان، ئەو پیاوە بارزانیانەی تەمەنیان لە ١٥ ساڵ بەرەو سەرەوە بوو بۆ بەغدا گوسترانەوە و ڕەوانەی دادگای بەناو شۆڕش کران، لەم دادگایە بە شێوەیەکی ڕەمەکی حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن، دواتر حوکمەکە جێبەجێکرا.

هەرچەندە ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو کەسانە کرابوو بێبنەما و نادرووست بوون، بەڵام بە دادگاییەکی ڕووکەشانە سزای مەرگیان بەسەر سەپێندرا، هەندێکیشیان پاش گرتنیان گوسترانەوە بۆ خوارووی عێراق، ڕەوانەی پارێزگای موسەنا (سەماوە)کران، لە ئۆردۆگاکانی (ئەبوجد و ئەلیە)دا دەسبەسەرکران، ئەم شوێنە (٤٥) کم لە سنووری سعوودیە دوورە، ناوچەیەکی بیابانی لماوییە.

زیندە بەچاڵکردن:

بارزانییەکان بە شێوازی جیاجیا زیندە بەچاڵکران، بەپێی ڕاسپاردەکانی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی لە سەرەتای مانگی ئابی ١٩٨٣ فەرمانی لە سێدارەدان بەسەر بەشێکیان جێبەجێکرا و (١٦) شازدە دۆز بۆ (٦٦٧) شەش سەد شەست و حەوت کەس ڕێکخرا و حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دراوە و بەشەکانی دیکەش بە شێوازی جۆاروجۆر لە بیابانی (بوسەیە) لە باشووری ڕۆژئاوای عێراق زیندە بەچاڵکران.

لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ بە ڕێوەڕسمێکی شایستە، تەرمی (٥١٣) پێنج سەد و سێزدە کەس، کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بیابانی بوسەیە زیندە بەچاڵکرابوون، گەڕێندرانەوە زێدی باب و باپیرانیان لە نزیک بارزان دووبارە بە خاک سپێردرانەوە.