یەکێک لە دیارترین جاشەکانی سوپای پاسداران دەکوژرێت

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکێک لە دیارترین فەرماندە جاشە خۆجێییەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ دوو چەکداری جاشی دیکە لە هێرشێکدا بە سزای خۆیان گەیشتن و جاشێکی چەکداری دیکەش برینداربووە.


حاسڵ ئەحمەدی، ناسراو بە حاسڵ ئێلخانی، خەڵکی شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێیە، جاشێکی ناودار بوو لەنێو سوپای پاسداراندا پلەی عەقید “سەرهەنگ”ـی هەبووە، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ دوو چاشی چەکداری دیکەی سوپای پاسداران تەقەیان لێکرا و کوژران و جاشێکی چەکداری دیکەش برینداربووە.


بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە نزیک تێرمیناڵی گوندەکان لە گەڕەکی “کوی خەیام”ـی پیرانشار لەسەر رێگەی سەردەشت روویداوە، تاوەکو ئێستا دیار نییە تەقەکەرەکان کێن و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ. جگە لە حاسڵ ئێلخانی، هەر یەک لە ئومێد مەلازادە بە پلەی ” ئەفسەری یەک” و ستار پیرۆتی خوشکەزای حاسڵ ئێڵخانی، هەردووکیان جاشی نیشتمان فرۆشی چەکداری سوپای پاسداران بوون و خەڵکی پیرانشار بوون، لەو هێرشەدا کوژران.


هاوکات بە گوتەی سەید عەلی تورابی، قایمقامی پیرانشار کە بۆ ئاژانسی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران فارس نیوس قسەیکردووە: “لە شەرێکدا لەلایەن کەسانی دژە دوڵەتی ئێران ” ئەو هێرشە ئەنجامدراوە کە تێیدا سێ گەورە جاشی ئەندامی خۆجێیی سوپای ترۆریستی پاسداران کوژراون و یەکێکیش بریندارە.


حاسڵ ئەحمەدی، ناسراو بە حاسڵ ئێلخانی، لەدوای شۆڕشی ساڵی 1979ـی ئێران چەکی حکومەتی بە دژی نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستان هەڵگرتبوو، سەرەڕای خانەنشینکردنی، ئامادەنەبوو خانەنشین بێت و لە خیانەتەکەی بە نیشتمانو گەلەکەی بەردەوامبوو.

ن، ع