ئەمریکاش لەبەر بەرژەوەندی خۆی پشتی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و ڕێگەی خۆش کرد بۆ تورکیا هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان
فەڕەنسا پشتگیریی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپات دەکاتەوە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی ئێلیزە ڕاوێژکارەکانی ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆ بوونەتەوە.
پێشتر میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا کۆ بوونەتەوە و فەڕەنسا بڕیاری داوە پشتگیرییان بکات و هێزە سەربازییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی فورات زیاتر بکات.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕای گەیاندبوو کە ئەوان پاڵپشتی لە هەسەدە دەکەن.
ئەم هەڵوێستەی فەڕەنسا لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بڕیاری داوە هێزەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە و ئەم هەڵوێستەش کاردانەوەی ناوخۆیی لە ئەمریکا لێ کەوتەوە و جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەستی لەکار کێشایەوە و چەندین سیناتۆر و فەرماندەی سەربازیش ڕەخنەیان لەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ گرتووە.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە تورکیا هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.