لە ترسی دروستبوونی شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندان، دەسەڵاتدارانی ئێران لە چەندین پارێزگا بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆڕی ئینتەرنێتیان داخست. کەسوکاری قوربانییانی مانگی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا پۆست و نامە بۆ یەکتر دەنێرن و هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی نوێ دەکەن.
پوویا بەختیاری کە بە رەگەز لە کوردانی لۆرە 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرەج لەکاتی خۆپیشانداندا گوللـەیەکی هێزە ئەمنییەکان بەر سەری کەوت گیانی لەدەستدا و بووە هێمای خۆپیشاندانەکان.
دایک و باوکی بە نیازبوون لە 26ی ئەم مانگەدا خەڵک بانگهێشتبکەن و بە کۆمەڵ یادی کوڕەکەیان بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دایک و باوکی پوویا بەختیارییان دەستگیرکرد.
دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی ترسیان هەبوو کۆبوونەوەی خەڵک ببێتە دەستپێکی خۆپیشاندانێکی نوێ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆیە هێڵی ئینتەرنێتیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شاری دیکە لە ناوچەکانی ئێرانیەکانیش وەک نمونە لە ئەلبۆرز و زەنجان داخست.
مانگی رابردوو خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە ئێران لە دژی زیادبوونی نرخی سووتەمی سەریهەڵدا و حکومەت بە زەبری هێز رووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە. بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسە بەریتانییەکان، زیاتر لە هەزار و 500 کەس لەو خۆپیشاندانانەدا گیانیان لەدەستداوە.
لە 15-11-2019 شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێکی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە و رێکخراو و میدیا جیهانییەکانیش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی ژمارەی قوربانییان دەخەنەڕوو.