چەند زانیارییەکی نوێ لەسەر خۆکوشتنی پەناخوازێکی کورد لە وڵاتی سوویسڕا.

نزیکانی مەسعوود قەدیری پێش ئەوەی ناوبراو لە وڵاتی سوویسڕا خۆکوژی بکات بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەریی ئەو وڵاتەیان بە نیسبەت ناجێگیربوونی باری دەروونی ناوبراو و ئەگەری خۆکوشتنی، ئاگادار کردبوویەوە.

ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، پەناخوازێکی کورد بە ناوی ”مەسعوود قەدیری“ تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە کانتۆنی گڵارووسی سوویسڕا خۆی خستووەتە بەر جاددەی ئاسنی شەمەندەفەر و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو پەناخوازە کوردە، مەسعوود قەدیری کاتژمیر ٧ی شەو خۆی خستووەتە سەر ڕیگای شەمەندەفەرێک کە لە شاری زۆریخەوە بەرەو شاری ”زیگل گرۆکە“ چووە.

پەیوەندی بە ئیدارەی پۆلیس و هەروەها ئیدارەی پەنابەرانی کانتۆنی گڵارووسەوە گیراوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەوبارەوە هیچ جۆرە لێدوانێک بدەن.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قەدیری ڕایگەیاند کە تەرمی مەسعوود قەدیری ڕۆژی هەینی ٢٨/٠٨/٢٠٢٠ ٦ی خەرمانان لە شاری ”ئەنندا“ ئەسپەردە دەکرێت. بە وتەی ئەو کەسە پزیشکی یاسایی سوویسڕا هیچ زانیارییەکی بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا ڕیاگەیاند کە پۆلیسی سوویسڕا دو وحەفتە مۆڵەتیان بە مەسعوود قەدیری داوە هەتا ئەو وڵاتە جێبهێڵیت و ئەگەر ئەو کارە نەکا ئەوا ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە.

مەسعوود قەدیری دوو مانگ پێش و دوای ئەوەی کە وڵامی ڕەدی وەرگرتووەتەوە، لای نزیکانی خۆی باسی لەوە کردووە کە نایەوێ بگەڕێتەوە ئێران و خۆی دەکوژێت و ئەوانیش ئیدارەی پۆلیس و ئیدارەی پەنابەرانی کانتۆلی گڵارووسیان ئاگادار کردووەتەەوە و پاش ماوەیەک بردوویانە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دوای ١٨ کاتژمێرئازدایان کردووە و ڕایان نەگرتووە.

هەرچەند ٧ ڕۆژ لە خۆکوشتنی ئەو پەناخوازە کوردە تێدەپەڕێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ میدیایەکی ئەو وڵاتە هەواڵی خۆکوشتنی ناوبراویان بڵاو نەکردووەتەوە.

مەسعوود قەدیری دوو ساڵ پێش وەکوو پەناخواز ڕووی لە وڵاتی سوویسڕا کردبوو و دوومانگ پیش دۆسیەی پەناخوازییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەوە ڕەد کرابوویەوە.

سەرچاوەی هەواڵ: هەنگاو